ستیڤان دوجاریک: لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگدا زیاتر لە 100 هەزار کەس تارانی جێهێشتووە
گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەهۆی هێرشەکانەوە، 70 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 450 کەسیش برینداربوونە، هەوڵە دیبلۆماسییەکانمان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، ستیڤان دوجاریک گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: داخستنی سنووری ئاسمانی بووەتە هۆی راگرتنی هاوکاریی مرۆییەکان و کاڵای بازرگانی، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی وزە و خۆراک، بەگوێرەی کۆمیساریی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگدا زیاتر لە 100 هەزار کەس تارانی جێهێشتووە.
ستیڤان دوجاریک گوتیشی: لێکەوتەکانی ئەم جەنگە کاریگەری لەسەر لوبنانیش دروستکردووە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەهۆی هێرشەکانەوە، 70 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 450 کەسیش برینداربوونە، هەوڵە دیبلۆماسییەکانمان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان، تیمەکانمان هاوکارییەکانیان بۆ لوبنان زیاتر دەکەن، 70 هەزار ژەمەخۆراک بۆ 70 هەزار ئاوارە دابینکراوە.
گوتەبێژەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە هەوڵەکان بەردەوام بن لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان.