پاکستان و چین داوای بەردەوامیی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن

پاکستان و چین جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامیدان بە ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران دەکەنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئیسلام ئاباد هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە ململانێکان چڕتر کردووەتەوە.

سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان و وانگ یی، هاوتا چینییەکەی، کۆبوونەوە.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، "محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی ئیسلام ئابادیان بۆ نێوەندگیری بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران تاوتوێ کردووە."

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی ئاگربەست بە شێوەیەکی هەمیشەیی و زامنکردنی هاتوچۆی ئاسایی و سەلامەت بە گەرووی هورمزدا کردووەتەوە."

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدان، کە بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە، لە شاری پەکینی پایتەختی چین، دانوستانێکی گرنگ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆککۆماری چین بەڕێوە بچێت.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو، کە وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا لە پەیوەندیدایە.

گوتوبووشی: "ئێمە پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی هەیە، بەڵام هیچ پەلەمان نییە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."