تولای هاتیمۆغوڵڵاری: پێویستە میکانیزمێکی خێرا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت
تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، لە کاتێکدا باس لە دیموکراسی دەکرێت، سزادانی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل جێگەی قبووڵکردن نییە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم زیندانیانی سیاسی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئایاری 2026، تولای هاتیمۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە سەردانی هەفتەی رابردووی "دایکانی ئاشتی" بۆ لای پارتە سیاسییەکان و پێشکەشکردنی "لەچکەی سپی" بە سەرکردەکان کرد و گوتی: "ئەو لەچکە سپییە، داواکارییەکە بۆ دەرکردنی یاسای ئاشتی لە پەرلەمان. ئەو ڕێگەیەی ئەو لەچکە سپیانە نیشانی دەدەن، بۆ کردنەوەی دەرگای ئاشتییە."
رایگەیاند"ئەو لەچکە سپییە، داواکارییەکە بۆ دەرکردنی یاسای ئاشتی لە پەرلەمان و ئەو ڕێگەیەی ئەو لەچکە سپیانە نیشانی دەدەن، بۆ کردنەوەی دەرگای ئاشتییە.
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و دروستکردنی دیالۆگ، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی جەختی لە خێراکردنی هەنگاوەکان کردەوە و گوتی، "هەفتەی رابردوو چەند پێشنیارێکمان بۆ دروستکردنی هەندێک میکانیزم بۆ پێشخستنی پرۆسەکە خستە ڕوو. لایەنەکانی دیکەش داواکارییان هەبوو. رەنگە ناو و ناوەڕۆکەکەی جێگەی مشتومڕ بن، بەڵام ڕاستییەک هەیە کە ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە پێویستمان بە میکانیزمێک هەیە ببێتە پرد و نێوەندگیر لە نێوان دامەزراوە سیاسییەکان، لایەنەکان، کارێکتەر و کۆمەڵگەی مەدەنی."
هاتیمۆغوڵڵاری هۆشداری دا کە نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت و رایگەیاند "ئەم میکانیزمە دەبێت بە خێرایی پێکبهێنرێت، چونکە هەم بۆ چارەسەرکردنی ئەم چەقبەستووییەی ئێستا و هەم بۆ ڕێگریکردن لەو کێشانەی لە داهاتوودا لە پرۆسەکەدا دروست دەبن، بوونی ئەم جۆرە میکانیزمانە زۆر پێویستە."
هەروەها جەختی لە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، سزادانی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل جێگەی قبووڵکردن نییە و پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.