حەشدی شەعبی لە ترسی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بارەگەکانی چۆڵ دەکات
"ترسی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل حەشدی شەعبی ناچار بە چۆڵکردنی بارەگاکانی دەکات"
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرای دەکەن، بەهۆی ئەگەری هێرشی چاوەڕوانکراوی ئەمەریکا و ئیسرائیل، گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بە چۆڵکردنی بەشێکی بەرفراوان لە بارەگاکانیان کردووە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سوپای عێراق رادەسپێرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان.
بە پێی زانیارییە ئەمنییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، لە ترسی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئەمەریکا و ئیسرائیل، دەستیان بە چۆڵکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان کردووە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە رایگەیاند: پرۆسەی چۆڵکردنی بارەگاکان وای کردووە بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە دروست بێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڕیاری داوە یەکەکانی سوپای عێراق بە شێوەیەکی کاتی لەو شوێنانە جێگیر بکرێن کە حەشدی شەعبی لێی کشاوەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگری لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، ماوەی پێنج شەوە بنکەکانی حەشدی شەعبی رووبەڕووی هێرشی بەردەوام بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە دۆخی ئامادەباشی و ترس لەنێو ئەو هێزانەدا دروست ببێت.
سەبارەت بە پێشهاتە مەیدانییەکان، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، کە کەمێک لەمەوبەر، فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە کاتی سووڕانەوە بەسەر ئاسمانی شاری بەسرە، لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کراوەتە ئامانج و تێکشکێنراوە..
بە پێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکان، ماوەی چوار شەوی لەسەر یەکە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی پارێزگاکانی سەڵاحەددین، بەسرە، کەربەلا و نەجەف دەسووڕێتەوە و چاودێری وردی دۆخی ئەمنی و جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەو ناوچانە دەکەن.