لە هێرشەکەی سەر سۆران تەنیا دوو هاووڵاتیی بە سووکی برینداربوون

هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەو هێرشە درۆنییەی سەر سۆران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا دوو هاووڵاتیی بە سووکی برینداربوون.

داواشی لە هاووڵاتیان کرد، لە حاڵەتێکی وەهادا رێگە لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان واڵا بکەن و بە قەرەباڵغی نەبنە بەربەست لە بەردەم کارەنیان.

هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: لەم چەند رۆژەدا ژمارەیەک درۆن بەشێوەی رەمەکی ئاراستەی سنوورەکە کراون، بەڵام بێ زیان بوون.

ئەمشەو درۆنێک لە ئاسمانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تێکشکێنرا و لە گەڕەکی وەستا ڕەجەب کەوتە خوارەوە و پارچەکانی درۆنەکە بەر ماڵی هاووڵاتییەک کەوت و زیانی ماددی بەر بەشێک لە خانووەکە گەیاندووە.

هەر لە بارەی درۆنەکەوە، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: هێزە تایبەتمەندەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمشەو درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی چەند ناوچەکەی جیای هەرێمی کوردستان کراوە.