سوپای پاسداران 20ـەمین شەپۆلی هێرشی مووشەکی دەستپێکرد
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، 20ـەمین شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆیی 4" دژی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان دەستپێکردووە.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە و بە یادی قوربانییانەی ئەو کەشتیی جەنگی دینای سەر بە سوپای پاسداران بەڕێوە چووە لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە تێکشکێندرا و نقومی دەریا کراوە.
لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە کە هێرشەکان بە شێوازێکی تێکەڵاو، هەمەجۆر و لەسەر ئاستێکی بەرفراوان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بۆ سەر بنکە و ئامانجە دیاریکراوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێ کراون.
هەروەها ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا سەبارەت بە ئامانجگرتنی کەشتی جەنگیی "دێنا" لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە رایگەیاند، هێرشەکە لە دووریی 2000 کیلۆمەتر لە گۆڕەپانی جەنگ بووە، هەروەها بەڵینی تۆڵە سەندنەوەی داوە.
ئەرتەشی ئێران رایگەیاندووە، ئەو هێرشە بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک خوێندکاری گەنج کە لە ئەرکێکی مەشق و راهێنانی زانستیی دەریاوانیدا بوون و لە چوارچێوەی مانۆری نێودەوڵەتیی ئاشتیی "میلان 2026" دەگەڕانەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزی دەریایی ئەمریکا بەم هێرشە "دڕندانە و نامرۆییە" و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە دووری سەدان مایل لە ناوچەی شەڕ، هەموو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانی دەریاوانی و مافە مرۆییەکانی پێشێلکردووە.
ئەرتەشی ئێران جەختی کردووەتەوە کە کوژرانی ئەو خوێندکارە گەنجانە کە وەک "باڵیۆزانی ئێران" وەسفکراون، ئیرادەی هێزە چەکدارەکان بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی هاوڕێکانیان بەهێزتر دەکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە شەڕکەرانی ئەرتەش هاوپەیمان و سوورن لەسەر ئەوەی بە یارمەتی خودا، دوژمنانی ئەمریکی و ئیسرائیل لەم کارەیان پەشیمان بکەنەوە.