کووپەر: 90%ـی توانای مووشەکیی ئێرانمان لەنێو بردووە

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئاماری وردی شەش رۆژی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، بە بەشداریی 55 هەزار سەرباز و بەکارهێنانی فڕۆکەی ستراتیژیی B-2، توانیویانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و بەشێکی زۆری توانای مووشەکی و دەریایی ئێران لەنێو ببەن.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 6ـی ئاداری 2026، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران خستە روو.

کووپەر رایگەیاند: "ماوەی شەش ڕۆژە بە بەشداریی 55 هەزار سەرباز ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوامە و لە واشنتنەوە فەرمانمان پێ کراوە تا لەناوبردنی تەواوەتیی مەترسییەکان بەردەوام بین."

سەبارەت بە زیانەکانی ئێران، فەرماندەکەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد: "لە 72 کاتژمێری رابردوودا، فڕۆکەی جەنگیی جۆری (B-2) ئامانجەکانی لە قوڵایی خاکی ئێران پێکاوە. بەپێی داتاکانمان، توانای مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بە رێژەی 90% و توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان بە ڕێژەی 83% کەم بووەتەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە هێزەکانیان "30 کەشتیی جەنگیی ئێرانیان تێکشکاندووە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئەو وڵاتەیان لەنێو بردووە."

کووپەر باسی لە لایەنی ئابووریی جەنگەکەش کرد و گوتی: "تێچووی هەر درۆنێکی ئێرانی نزیکەی 250 هەزار دۆلارە، بەڵام خستنەخوارەوەیان تێچوویەکی زۆر زیاتری بۆ ئێمە هەیە، سەرەڕای ئەوەش ئامانجمان ئەوەیە ناهێڵین جارێکی دیکە ئێران ببێتە هەڕەشە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.