وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کارەکانی باڵیۆزخانەکەی لە کوەیت راگرت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕیاری راگرتنی کارەکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە کوەیت دەرکرد و داوای لە هاووڵاتییانی کرد ئەو وڵاتە جێبهێڵن، بێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکاریی زیاتری هۆکارەکە بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا بە فەرمی راگرتنی سەرجەم کار و چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە لە کوەیت رایگەیاند.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی برینداربوونی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان بە دەست نەگەیشتووە."

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی خۆی کردووە کە ئێستا لە ناو خاکی کوەیتدان، دەستبەجێ ئامادەکاری بکەن و وڵاتەکە جێبهێڵن.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی بیانی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان جێهێشتووە، وڵاتانی جیهانیش بەردەوام داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن لە پێناو پاراستن و سەلامەتیی گیانی خۆیان، بە خێرایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبهێڵن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.