وەزیری وزەی قەتەر: نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 150 دۆلار

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لە زاری سەعد کەعبی، وەزیری وزەی قەتەرەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر لێکەوتەکانی جەنگی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا ڕەنگە نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ 150دۆلار بەرزببێتەوە.

وەزیرەکەی قەتەر هۆشدارییدا لەوەی کە بارودۆخی جەنگ رەنگە وڵاتانی کەنداو ناچار بکات لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا هەناردەکردنی وزە رابگرن، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەککەوتن و ئاڵۆزییەکی گەورە لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا.

کەعبی پێشبینی کردووە بەهۆی ئەو گرژییانەی لە ناوچەکە هەیە، نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی 40دۆلار بۆ هەر ملیۆن یەکەی گەرمی بەریتانی (BTU) بەرزببێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنانەت ئەگەر جەنگەکە دەستبەجێش کۆتایی پێبێت، گەڕانەوەی قەتەر بۆ دۆخی ئاسایی دابینکردنی وزە و هەناردەکردن، پێویستی بە ماوەیەک دەبێت کە لە چەند هەفتەیەکەوە تا چەند مانگێک دەخایەنێت.