ئێران 22ـەمین شەپۆلی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد

هێرشی مووشەکی ئێران
هێرشی مووشەکی ئێران

سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی راستگۆیی 4، کەمێک لەمەوبەر 22ـەمین شەپۆلی هێرشی مووشەکی بە ئاراستەی ئیسرائیل دەستپێکرد.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6ی ئاداری 2026، بە دروشمی "یا حوسێن بن عەلی" شەپۆلی 22ی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، کە مووشەکەکانی خوڕەمشەهر 4، خەیبەر و فەتاح ئاراستەی چەند ئامانجێک لە ناوجەرگەی ئیسیرائیل کردووە.

هێرشە مووشەکییەکانی ئەمجارەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، داهێنان و چەکە نوێیەکان لە رێگەدان و تا ئێستا هێرشەکان بەشێوەیەکی فراوان و کاریگەر جێبەجێ بەکراون.

نائینی راشیگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ جەنگێکی درێژخایەن تا تەنبێکردنی دەستدرێژکاران ئامادەن.

دوای چەند گەڕێکی دانوستان لەنێوان شاندی هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت و جنێڤ، دواجار ئەمریکا لە بەرەبەیانی شەممە 28ی مانگی رابردوو بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردە سەر ناوەندی سەربازی و هەستیارەکانی ئێران، لە هێرشەکاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کوژران.