حاكمی نیۆیۆرك و داواكاری گشتی ھەڵكوتانە سەر كاپیتۆڵ بە "كودەتا" وەسف دەكەن
"ترەمپ دەستوور و سەروەری یاسای لە ھەموو وەرچەرخانێكدا خستە ژێر پێی، بەڵام ئێمە سەركەوتین"
K24 – ھەولێر:
ئەندرۆ كۆمۆ، حاكمی نیۆیۆرك و لیتیتیا جیمس داواكاری گشتی نیۆیۆرك كاری ھەڵكوتانە سەر بینایەی كاپیتۆڵ لە لایەن لایەنگرانی سەرۆكی ئەمەریكا "دۆناڵد ترامپ" سەركۆنە كرد و بە ھەوڵی ئەنجامدانی كودەتایان وەسف كرد، كە لە لایەن سەرۆكەوە ورووژێنرا بوو.
كۆمۆ كاری ھەڵكوتانە سەر كاپیتۆڵی بە "ھەوڵی كودەتایەكی شكستخواردوو بە ھاندانی سەرۆك ترەمپ" وەسفكرد، ئاماژەشیكرد، "بەردی گۆشەی دیموكراتییەكەمان رادەستكردنی دەسەڵاتە بە ئاشتییانە".
گوتیشی: "دەبێت شتەكان وەك خۆیان ناو بنرێن.. ئەوە ھەوڵی كودەتایەكی شكستخواردوویە. ئەمە دوایین بەشە لە ئیدارەیەكی بێ توانا و رەق و ورووژێنەری دابەشبوون. (ترەمپ) دەستوور و سەروەری یاسای لە ھەموو وەرچەرخانێكدا خستە ژێر پێی، بەڵام ئێمە سەركەوتین".
كۆمۆ گوتیشی: "رێگا بە ترەمپ و پشتیوانەكانی لە ئەندامانی كۆنگرێس و ئاژاوەگێڕەكانی لە یاسا دەرچوو نادەین، ئەوانەی ھەڵیانكوتایە سەر بینایەی كاپیتۆڵ، دیموكراتییەكەمان بدزن، ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن روون و ئاشكران و ویستی گەلی ئەمەریكا جێبەجێدەكرێت".
لە لایەن خۆیەوە، لیتیتیا جیمس لە راگەیاندراوێكدا گوتی: ھەوڵی ئەنجامدانی كودەتا لە لایەن سەرۆكی ماوە بەسەرچوو، كارێكی شەرمەزارانە و قیزەوەرە. ھەوڵەكە گوڕدرا بۆ كاری توندوتیژی و خوێن تێیدا رژا". جەختیشیكردەوە، لەوەی "ئەو كارانە، كە درۆ و دەلەسە و تیۆرەكانی پیلانگێڕی لە پشتیەوەن و ترەمپ پەیڕەوی دەكات، دەبێت بەشێوەیەكی یەكلایكەرەوە لە لایەن ھەمووانەوە سەركۆنە بكرێن".
سەرچاوە: RT