وەزارەتی بەرگریی ئیمارات: تاوەکوو ئێستا ئێران 205 مووشەک و 1184 درۆن ئاراستەی وڵاتەکەمانی کردووە

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستەمە بەرگرییەکانیان تەنیا ئەمڕۆ توانیویانە بە سەدان درۆن و مووشەک تێکبشکێنن. هاوکات لە نوێترین ئاماردا ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە تا ئێستا، زیاتر لە هەزار درۆن و سەدان مووشەک ئاراستەی وڵاتەکە کراون و بەهۆیانەوە 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەینی 6ی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا، وردەکاریی وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئاشکرا کرد و تەنیا ئەمڕۆ 9 مووشەکی بالیستیی تێکشکاندووە. هەروەها لە کۆی 112 درۆن کە ئاراستە کرابوون، 109 درۆنیانی خستووەتە خوارەوە و تەنیا 3 درۆنیان لەناو خاکی ئیمارات کەوتوونەتە خوارەوە.

وەزارەتەکە ئاماری گشتیی هێرشەکانی ئێرانی لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، 205 مووشەک ئاراستە کراون؛ لەو ژمارەیە 190یان تێکشکێنراون، 13یان لە دەریادا کەوتوونەتە خوارەوە و 2 دانەشیان بەر وشکانی کەوتوون؛ هاوکات 8 مووشەکی کروز ئاراستە کراون و سەرجەمیان تێکشکێنراون.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئیمارات باسی لەوەش کردووە، 1184 درۆن ئاراستەی کراون؛ 1110یان تێکشکێنراون و 74 درۆن کەوتوونەتە ناو خاکی ئیمارات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە زیانە گیانییەکان کراوە. بەگوێرەی ئامارەکە 3 کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەڵگری رەگەزنامەی پاکستانی، نیپاڵی و بەنگلادیشی بوون. هەروەها 112 کەسی دیکە بە سووکی بریندار بوون کە هاووڵاتیی ئیماراتی و بیانی میسر، ئیسیوپیا، فلیپین، ئێران، هیندستان و چەند وڵاتێکی دیکە بوون.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی خاکەکەیان.