ترەمپ: کێشەم لەگەڵ رابەرێکی ئایینی بۆ ئێران نییە، بە مەرجێک دادپەروەر بێت

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی سی‌ئێن‌ئێن، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا گورزی کەمەرشکێنیان لە هێزی دەریایی ئێران داوە و 25 کەشتییان تێکشکاندووە، گوتیشی: سێ کاندیدی بۆ رابەرایەتییکردنی ئێران هەیە و کێشەی لەگەڵ رابەرێکی ئایینی نییە بەو مەرجەی دادپەروەر بێت.

هەینی 6ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی، بە سی‌ئێن‌ئێن راگەیاند، هێزی دەریایی ئێران نزیکە لەوەی بەتەواوی لەناو بچێت.

ترەمپ گوتی: هێزی دەریایی ئەوانمان لە کار خستووە. دەتوانن وێنای ئەوە بکەن؟ گەیشتووینەتە ئاستی 25 کەشتی، 25 کەشتی نقووم بوون و کارەکانمان زۆر باش دەڕۆن.

سەبارەت بە مەترسییەکان لەسەر گەرووی هورمز، ترەمپ دڵنیایی داوە کە ئەو بابەتە چارەسەر کراوە، چونکە بە گوتەی خۆی کاتێک هێزی دەریایی دوژمن تێکدەشکێنیت، ئیتر ناتوانن ئەوە بکەن کە پلانیان بۆ داناوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە قۆناغی گۆڕینی دەسەڵاتیی ئێران کرد و رایگەیاند کە سێ کەسایەتیی لە خەیاڵدایە بۆ شوێنگرتنەوەی رابەری ئێران پرۆسەکە زۆر بە ئاسانی دەڕوات، هاوشێوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا کردمان.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە کێشەی لەگەڵ رابەرێکی ئایینی نییە بۆ ئێران، بە مەرجێک ئەو کەسە دادپەروەر بێت و مامەڵەی باش لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە بکات.