ئەکسیۆس: روبیۆ بە وڵاتانی عەرەبیی راگەیاندووە جەنگەکە چەند هەفتەیەکی دیکە دەخایەنێت
لە حەوتەمین رۆژی جەنگدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە وڵاتانی عەرەبیی راگەیاندووە کە جەنگەکە چەند هەفتەیەکی دیکە دەخایەنێت و ئامانجی ئەوان ئێستا تەنیا تێکشکاندنی سەکۆییەکانی مووشەک هاوێژی ئێرانە
هەینی 6ی ئاداری 2026، ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ئاشکرای کردووە کە پێشبینی دەکرێت جەنگەکە چەند هەفتەیەکی دیکە بخایەنێت.
روبیۆ بە وەزیرە عەرەبەکانی راگەیاندووە کە ئامانجی سەربازیی ئێستایان تێکشکاندنی سەکۆی مووشەکی و کارگە سەربازییەکانی ئێرانە. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئێران بوونی نییە و هەر جۆرە گفتوگۆیەک دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئامانجە سەربازییەکان.
لە رۆژی هەینی و لە حەوتەمین رۆژی هێرشەکاندا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پەناگە و ژووری ئۆپەراسیۆنی نهێنیی ژێر زەویی عەلی خامنەیییان بۆردوومان کردووە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە باوەڕیان وایە لە رۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای ئێران ئەو شوێنەیان بەکارهێناوە و ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنن بۆ ئەوەی بزانن کێ لەناو پەناگەکەدا بووە.
هاوکات فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە توانای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە رێژەی 90% کەمی کردووە و بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن 60%ی سەکۆ و کۆگا مووشەکییەکانی ئێران تێکشکێنراون.