وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا پشووی ناوەندەکانی خوێندنیان درێژ کردەوە
هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڕیاریان دا بە پشووی فەرمی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی 15 رۆژ، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی.
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئاداری 2026، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بڕیار دراوە لە رۆژی یەکشەممە 8ی ئاداری 2026ەوە تاوەکوو رۆژی دووشەممە 23ی ئاداری 2026، پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سەلامەتیی مامۆستایان، قوتابییان و خوێندکاران، بڕیاری پشوودان دراوە.
بڕیارەکە گشتگیرە و سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی، ناحکوومی، تایبەت و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە هەردوو وەزارەت دەگرێتەوە.
وەزارەتەکان تێبینی ئەوەشیان داوە کە ماوەی نێوان 11ی ئادار تا 23ی ئادار خۆی لە بنەڕەتدا پشووی فەرمیی بەهارەی ناوەندەکانی خوێندن بووە، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە پشووەکە چەند رۆژێک پێش خراوە و لە 8ی مانگەوە دەست پێ دەکات.