سەرۆکی حکوومەت و شای بەحرەین دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی حکوومەت و شای بەحرەین دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن و جەختیان لە پێویستیی پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوولادا کردەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 3ی ئاداری 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شای بەحرەین حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، دۆخی گشتیی ناوچەکە و بە تایبەت شانشینی بەحرەین و عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانیان تاوتوێ کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی هێرش و شەڕ و گرژییەکان دەربڕی.

هەروەها جەختیان لە پێویستیی پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوولادا کردەوە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.