ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییەکی توند لەبارەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە دەدات و رایدەگەیەنێت، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی یەکجار مەترسیدار.
هەینی 6ـی ئاداری 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرجەم ئەو هێرشە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێن، بوونەتە هۆی دروستکردنی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بۆ هاووڵاتیانی سڤیل.
جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم گرژییانە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئابووریی جیهان دروست دەکەن، بەتایبەتی بۆ سەر ئەو چین و توێژانەی کە لە بارودۆخێکی بژێوی ناسەقامگیردایە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی جددی دا و گوتی: "دۆخەکە لەوانەیە بە جۆرێک پەرەبستێنێت کە لە کۆنتڕۆڵی هەمووان دەربچێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گۆتێرێز داوای کرد دەستبەجێ شەڕ و پێکدادانەکان بوەستێنرێن و لایەنەکان دەست بە گفتوگۆی دیپلۆماسیی بکەن، هاوکات رایگەیاندووە: "ئێستا مەترسییەکان لە بەرزترین ئاستدایە و کاتی ئەوە هاتووە رێگری لە کارەساتی گەورەتر بکرێت."