ئاسایشی هەولێر هۆشداریی دەداتە کەناڵەکانی راگەیاندن
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هۆشداری دەداتە کەناڵەکانی راگەیاندن و رایگەیاند، بەهۆی دروستکردنی جەنجاڵی و رێگری لە کاری تیمە ئەمنییەکان، پێویستە میدیاکان لە رووماڵکردنی شوێنی رووداوەکان دوور بکەونەوە، بە پێچەوانەوە هەر کەناڵێک پابەند نەبێت ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی یاسایی دەبێتەوە.
هەینی 6ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن کرد و تێیدا داوای لێکردن لە پێناو پاراستنی ئاسایشی گشتی، خۆیان لە رووماڵکردنی ڕاستەوخۆی شوێنی رووداوەکان بپارێزن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم بڕیارە بۆ ڕێکخستنی کارەکانی تیمە تایبەتمەندەکان و رێگریکردن لە گردبوونەوەی هاووڵاتییان دەرچووە. ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە رووماڵە میدیاییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی جەنجاڵی و ئاستەنگ بۆ کارەکانیان دروست دەکەن، ئەمەش رێگری دەکات لەوەی تیمەکان ئەرکەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هۆشداری توندی داوە و رایگەیاندووە: هەر کەناڵێکی راگەیاندن پابەندی ئەم رێنماییانە نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە لێکەوتە یاساییەکان.