ترەمپ: بەرهەمهێنانی چەک چوار هێندە زیاد دەکەین
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتووی لەگەڵ گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک لە ئەمریکا ئەنجام داوە و رێککەوتوون لەسەر زیادکردنی چوار هێندەی بەرهەمهێنانی چەکە پێشکەوتووەکان.
هەینی 6ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: کۆمپانیاکان رەزامەندییان نیشان داوە لەسەر چوار هێندە کردنی بەرهەمهێنانی چەکە، بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا بگەنە بەرزترین ئاستی بڕ و جۆری چەک.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی فراوانکردنی کارگەکان سێ مانگ پێش ئەم کۆبوونەوەیە دەستی پێکردووە و ئێستا بەرهەمهێنانی زۆرێک لەو چەکانە لە کاردایە.
ترەمپ جەختی لە هێزی سەربازی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: ئێمە خاوەنی بڕێکی بێسنوورین لە تەقەمەنی جۆراوجۆر، کە وەک نموونە ئێستا لە ئێران بەکاریان دەهێنین و لەم دوایانەشدا لە ڤەنزوێلا بەکارمان هێناون. وێڕای ئەو بڕە زۆرە، فەرمانی داوە بە زیادکردنی داواکارییەکان بۆ کڕینی چەک لە هەموو ئاستەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری گەورە کۆمپانیاکانی جیهان بەشدار بوون، لەوانە، BAE Systems و Boeing، Lockheed Martin و Northrop Grumman و Raytheon، Honeywell Aerospace و L3Harris
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا لە کێبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی مافی دروستکردنی ئەو کارگە نوێیانە لەسەر خاکی ویلایەتەکانیان، هەروەها بڕیار وایە دوو مانگی دیکە کۆبوونەوەیەکی دی هاوشێوە ئەنجام بدرێتەوە.