عەزیز ئەحمەد: میلیشیا عێراقییەکان لە لایەن حکوومەتی وڵاتەکەوە چەکدار کراون
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارانەی بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی ئابووری و مەدەنیی هەرێمی کوردستان، بەشێکن لە پێکهاتەی حکوومەتی عێراق و لەلایەن بەغداوە پارەدار و چەکدار کراون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پەیامێکدا، رەخنەی ئاراستەی شێوازی مامەڵەی حکوومەتی فیدراڵ کرد لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ماوەیەکە هێرشەکانیان چڕ کردووەتەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "میلیشیا عێراقییەکان بەردەوامن لە هەڵدانی مووشەک و درۆن بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی و وزە لە هەرێمی کوردستان."
عەزیز ئەحمەد پرسیارێکی جەوهەری دەورووژێنێت و دەڵێت: "ئەم میلیشیا عێراقییانە کێن؟" و خۆی بە سێ خاڵ وەڵام دەداتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە روو:
-ئەوان بەشێکن لە حکوومەتی عێراق.
-لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە مووچە و پارەیان پێ دەدرێت.
-لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە چەکدارکراون.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت دەڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات کە کۆنترۆڵی ئەم 'بکەرە تاوانبار و لەیاسادەرچووانە' بکات کە لە لایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەکرێن."
عەزیز ئەحمەد جەخت لەسەر پێویستیی بوونی ئیرادەی سیاسی دەکاتەوە و دەڵێت: "دەبێت حکوومەتی عێراق ئیرادەی ئەوەی هەبێت رووبەڕوویان ببێتەوە و دەستگیریان بکات، هەروەها بۆ یەک جاریش بێت، لە زیندان بیانھێڵێتەوە نەک ئازاد بکرێن."
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکانی عێراق، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هەوڵی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان دەدەن.
سەرجەم ئەو هێرشانەی کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە کردوویانەتە سەر هەرێمی کوردستان، خۆشبەخاتە لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان تێکشکێنراون، هێرشەکانیش جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.