لە سنووری هەڵەبجە هێرشی درۆنی کرایە سەر تاوەرەکانی پەخش و پەیوەندی
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆ سێیەم جار لەسەریەک، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرش کرایە سەر تاوەرەکانی پەخش و پەیوەندیکردن لە بەرزاییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئەمەش زیانێکی زۆری بە تۆڕەکانی پەیوەندی گەیاندووە.
ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەڵەبجە گوتی: بەدرۆن هێرش کراوەتە سەر تاوەرەکانی پەخش و پەیوەندی بەفری میری لەسەر چیای شنروێ، ئاماژەی بەوەشدا، لەم هێرشەدا بورج و تاوەرەکانی پەخشی چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی بە ئامانج گیراون، هەروەها تاوەرەکانی هێڵەکانی پەیوەندی، بەتایبەتی هەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی هێڵەکانی پەیوەندی و پەخش لەو ناوچەیەدا.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، گوتی: هێرشەکە هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە، ئەو دوو پاسەوانەی کە لە کاتی رووداوەکەدا ئەرکی پاراستنی تاوەرەکانیان لە ئەستۆ بووە، توانیویانە بە سەلامەتی بێنە خوارەوە و ناوچەکە جێبهێڵن.
چیای شنروێ ناوچەیەکی سەخت و بەرزە و دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە، تاوەرەکانی ئەو ناوچەیە راستەوخۆ دەکەونە بەرامبەر بنکە و خاڵە سنوورییەکانی ئێران و مەودایەکی کەمیان لە نێواندایە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا، بە هەمان شێوە و لە رێگەی چەند درۆنێکەوە، هێرش کرایە سەر تاوەرەکانی پەخش و پەیوەندی لەسەر چیای "زمناکۆ" لە هەمان سنوور، کە ئەویش زیانی ماددی بە تاوەرەکان گەیاند بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.