ترەمپ دان بەدۆڕانی خۆی دەنێت و داوای ئاشتبوونەوە دەكات
ترەمپ لەگەڵ یاریدەدەرەكانی خەریكی دۆزینەوە رێگایەكە بۆ دەركردنی لێبوردنێك بۆ خۆی
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ "توڕەبوونی خۆی لەو ھێرشە قیزهونه" بۆ سەر كۆمەڵگای كاپیتۆڵ دەربڕی و بەڵێنیشیدا ئەوانەی بەشدارییان لە كاری توندوتیژیدا كرد، "دەبێت باجی رەفتارەكانییان بدەن".
ئەم قسانەی ترەمپ دوای رۆژێك ھات لە ھەڵكوتانە سەر بینای كۆنگرێس، لە میانی دانیشتنی ئەندامانی ھەردوو ئەنجوومەن بۆ پەسندكردنی سەركەوتنی بایدن لەھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، ئەم ھەڵكوتانەی سەر كاپیتۆڵ بووە مایەی ئەوەی دیموكراتەكان داوای لابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی بكەن.
ترەمپ لە گوتەیەكی ڤیدیۆییدا، كە لەسەر تویتەر بڵاوكرایەوە گوتی: "كۆنگرێس پەسندی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی كرد، ئیدارەی نوێ لە 20 كانوونی دووەم دەستبەكار دەبێت، ئێستا من مێشكم لای رادەستكردنی دەسەڵاتە بەشێوەیەكی ئارام و رێكخراو.. ئەو ساتەش پێویستیی بە تیماركردنی برینەكان و ئاشتبوونەوە ھەیە".
گوتیشی: "ئەو لە كارەكانی توندوتیژی و نەبوونی یاسا و گێرەشێوی توڕەیە"، كە لە لایەن لایەنگرانی خۆی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە كاپیتۆڵ ئەنجامدرا و ھەڵیانكوتایە سەر بارەگای كۆنگرێس و كاری وێرانكارییان تێدا ئەنجامدا".
ترەمپ بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی گوتی: "بۆ ئەوانەی كاری توندوتیژی و وێرانكارییان كرد، ئێوە نوێنەرایەتی وڵاتەكەمان ناكەن، ئەوانەی لەیاسا دەرچوون، دهبێت باجەكەی بدەن".
روونیشییكردەوە: "پێش ماوەیەك بەھەڵبژاردنێكی گرژی ئامێزدا تێپەڕین و ھەستەكان گەرم ببوون، بەڵام ئێستا دەبێت سارد ببینەوە و ئارامی بگەڕێنینەوە".
ترەمپ گوتیشی: "ھەڵمەتەكەی ھەوڵیدا ھەموو رێگاكان بەكاربێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، ئاشكراشیكرد، "تاكە ئامانجی من دابینكردنی دەستپاكی بوو لە دەنگداندا، لە میانی ئەوەشدا خەباتم دەكرد لە پێناو بەرگریكردن لە دیموكراتییەت. ھێشتا بە توندی لەو بڕوایەدام، كەوا پێویستە بە یاساكانی ھەڵبژاردندا بچینەوە".
دوێنی چوارشەممە، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن بەرپرسیارییەتی كارەكانی گێرشێوێنیی ھەڵكوتانە سەر بینایەی كاپیتۆڵ لە واشنتن خستە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ماوە بەسەرچووی ئەمەریكا.
ھەروەھا بایدن گوتی: ئەوەی روویدا ئەنجامێكی راستەوخۆی "ھێرشی ترەمپە بۆ سەر دیموكراتییەت"، تۆمەتباریشیكرد بەوەی كۆبوونەوەی لایەنگرانی خۆی قۆستووەتەوە بۆ دەمكوتكردنی دەنگدەرانی ئەمەریكایی.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكاش، نانسی پیلۆسی داوای لە دەسەڵات لابردنی ترەمپی كرد و بە "كەسێكی زۆر مەترسیداری" وەسفكرد.
لە لایەكی دیكەوە رۆژنامەی "نیۆرك تایمز" بڵاویكردووەتەوە، ترەمپ لەگەڵ یاریدەدەرەكانی خەریكی دۆزینەوە رێگایەكە بۆ دەرخستنی لێبوردنێك لە خۆی بۆ ئەوەی لە داھاتوود دووچاری لێپرسینەوە نەبێت لە دادگاكان.