پۆلیسی ئەمەریكا: ئەفسەرێكی بەرگریكار لە ھەڵكوتانە سەر كاپتۆڵ گیان لەدەستدا
بە گیانی لەدەستدانی ئەو ئەفسەرە، ژمارەی كوژراوانی ھەڵكوتانە سەر كاپیتۆڵ گەیشتە 5 كەس، چواریان لە خۆپیشاندەرانن.
K24 – ھەولێر:
پۆلیسی كۆنگرێسی ئەمەریكا، دوێنێ پێنجشەممە جەختیكردەوە لەوەی ئەفسەرێكیان بەناوی "برایان سیكنیك" گیانی لەدەست دا بە ھۆی كاریگەری برینەكانی لە ئەنجامی رێگاگرتن لە بەردەم لایەنگرانی سەرۆكی ئەمهریكا دۆناڵد ترەمپ بۆ ھەڵكوتانە سەر كاپیتۆل لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو.
پۆلیس لە راگەیاندراوێكیدا گوتی: "ئەفسەر سكینیك رۆژی چوارشەممەی رابردوو 6/1/2021 بەرپەرچی كاری گێرەشێوێنیی دەكرد و لە بارەگای كۆنگرێس لە كاتی بەرەنگاربوونەوەی جەستەیی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بریندار بوو".
راگەیاندراوەكە روونیكردەوە، سیكنیك گەڕایەوە بارەگای یەكەكەی و ھەستی بە ئازار دەكرد، دواتر گواسترایەوە نەخۆشخانە و دواتر رۆژی پێنجشەممە لەوێ گیانی لەدەستدا.
پێشتر پۆلیس ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانیانەی رەتیكردبوویەوە كە باسییان لە گیان لەدەستدانی پۆلیسێك دەكرد لە ناو بارەگای كۆنگرێسدا.
بە گیان لەدەستدانی ئەو ئەفسەرە، ژمارەی كوژراوانی ھەڵكوتانە سەر كاپیتۆڵ گەیشتە 5 كەس، چواریان لە خۆپیشاندەرانن.