پۆمپێیۆ وه‌ڵامی بوش و ئەوانە دەداتەوە كە ئەمەریكایان بە "كۆماری مۆز" وەسفكرد

"پەسندكردنی ویستی دەنگدەران و كۆنترۆڵكردنەوەی سیستەم لە بینایە كاپیتۆڵ، بەھێزی دەزگاكانی ئەمەریكایە وسەركەوتنی سەروەری یاسا و حكومەتی دەستوورییە لە ئەمەریكا"

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە، كە گوتیان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بووەتە "كۆماری مۆز" دوای ئەو رووداوە توندوتیژیانەی كۆنگرێس بەخۆیەوە بینی لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو.

پۆمپێیۆ لە زنجیرە تویتێكدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە سەر تویتەر، گوتی: دوای ئەو ھێرشە نالەبارەی كرایە سەر بینایەی كاپیتۆڵ (بارەگای كۆنگرێسی ئەمەریكا) ھەندێك كەسایەتی ناسراو، لەوانەش رۆژنامەنووسان و سیاسییەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایان بە كۆماری مۆز چواند، ھەڵبەستنی ئەم لێكچواندنە تێنەگەیشتنە لە كۆمارەكانی مۆز و دیموكراتیەت لە ئەمەریكا".

گوتیشی: "لە كۆماری مۆز، توندوتیژی و گێرەشێوێنی دەسەڵات دەستنیشاندەكات، بەڵام لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەرپرسانی جێبەجێكردنی یاسا گێرەشێوێنی سەركوت دەكەن بۆ ئەوەی نوێنەرانی گەل دەسەڵات جێبەجێبكەن بەپێی سەروەری یاسا و حكومەتی دستووری".

بەردەوام بوو و گوتی: "پەسندكردنی ویستی دەنگدەران لە لایەن كۆنگرێسەوە، ھەروەھا كۆنترۆڵكردنەوەی سیستەم لە بینایە كاپیتۆڵ لە لایەن قارەمانانی جێبەجێكردنی یاساوە لە كاتژمێر 3.40 ئەو بەیانییە، بەھێزی دەزگاكانی ئەمەریكایە وسەركەوتنی سەروەری یاسا و حكومەتی دەستوورییە لە ئەمەریكا".

ھەندێك لە سیاسییەكان، لەوانیش سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا جورج بوشی كوڕ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایان بە كۆماری مۆز چواند، دوای ئەوەی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، ھەڵیانكوتایە سەر بینایەی كۆنگرێس لە میانی كۆبوونەوەیاندا بۆ پەسندكردنی سەركەوتنی جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.

بوشی كوڕ گوتی: "رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن تەنھا لە كۆمارییەكانی مۆزدا بەم شێوەیەیە.. نەك لە كۆمارە دیموكراتییەكەی خۆمان".

سەرچاوە: RT