هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: عێراق نابێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هۆشداریدا لە مەترسییەکانی دۆخی ناوچەکە و جەختی کردەوە لەسەر رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ هێزە ئەمنییەکان دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە کۆبوونەوەیەکەدا تاوتوێی پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایش و ئابووریی عێراق کرد.
هاوپەیمانییەکە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "بە توندی رەتی دەکەینەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، یان ببێتە خاڵی دەستپێکی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ".
هاوپەیمانییەکە سەرکۆنەی هەر هێرشێکی کرد کە سەروەریی عێراق پێشێل بکات و ببێتە هۆی زیان بۆ هاووڵاتییان.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کرایەوە لەسەر پشتیوانیی تەواو بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەکان بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکان.
هاوپەیمانییەکە داوای وەستانی دەستبەجێی جەنگ و گەڕانەوە بۆ دیالۆگی کرد، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ئەستۆ بگررێت.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.