ئەمریکا: رێگە بە هێرشکردنە سەر خاکی هاوپەیمانەکانمان نادەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر خاکی هاوبەش و هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە "قبووڵنەکراو" دەزانن و بە پشتیوانییەکی توندوتۆڵەوە وەڵامی دەدەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، لە راگەیەنراوێکدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دووپات کردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "هەر هێرشێک بکرێتە سەر خاکی هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا، بە کردارێکی قبوڵنەکراو دادەنرێت و بە پشتیوانییەکی پتەوی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتانە رووبەڕووی دەبینەوە". 

ئەم راگەیەنراوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا رووی لە زیادبوون کردووە و واشنتن دەیەوێت پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی هاوپەیمانەکانی نیشان بدات.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.