ناردنی فڕۆكهی "F15" بۆ دوورگهی كریت له لایهن سعوودییهوه توركیا نیگهران دهكات
یۆنان توانیی ھەر یەك لە سعوودییە، ئیماراتی عەرەبی، فەرەنسا، ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسرائیلیش بخاتە نێو ھاوپەیمانی خۆی
K24 – ھەولێر:
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی یۆنان باسیان لە نیازی ریاز كردووە بۆ شاندنی فڕۆكەی "F15"بۆ بنكەی "سۆدا"ی سەربازی لە دوورگەی كریتی یۆنانی و ئەم راپۆرتانە نیگەرانییان لە توركیان ناوەتەوە و ئەو نیگەرانیانەش لە دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا رەنگییان داوەتەوە.
رۆژنامەی "گریك سیتی تایمز" یۆنانی گوتی: ھەواڵەكانی لەمەڕ "راھێنانە سەربازییە ھاوبەشەكانی نێوان یۆنان و سعوودییە لە ئایندەیەكی نزیكدا بووەتە ھۆی ئامادەباشی دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا". كە یەكێكیان، ئەویش رۆژنامەی "ھەبەرلەر"ە باسی لە "ھەڕەشەكردن لە توركیا" كردووە و ئاماژەی داوە بەوەی فڕۆكەكان "F15"ی سعودییە، لە لایەن فڕۆكەوانە یۆناییەكانەوە بەكاردەھێنرێن. لە بەرامبەردا رۆژنامەی "زەمان"ی توركیایی تەنھا باسی ھەواڵەكەی كردووە لە بارەی ئەو مانۆڕە و نیازی سعوودییە بۆ ناردنی فڕۆكانەی بۆ یۆنان لە چوارچێوەی ھاریكاری سەربازی لە نێوان ریاز و ئەسینادا دوابەدوای ئەو گرژییەی لە رۆژھەڵاتی دەریای سپی درووست بووە و ئەو ھاوپەیمانانەی لە ئەنجامی ئەو رەوشەوە ھاتوونەتە ئاراوە لە میانی ئەم چەند مانگەی دواییدا.
"زەمان" بڵاویكردووهتهوه: راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی یۆنانی باس لەوە دەكەن شانشینی سعوودییە، ژمارەیەك لە فڕۆكەكانی "F15"رەوانەی بنكەی"سۆدا" دەكات لە دورگەی كریت، وەك جێبەجێكردنی رێنماییەكانی جێنشینی سعوودیە، محەمە بن سەلمان،دوای ئەوەی ترسی یۆنان لە توركیا زیادیكرد لە ئەنجامی گرژییەكانی نێوان ھەردوو وڵاتدا لە دەریای ئیجە و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. بۆیە یۆنان بڕیاریدا شانشینی عەرەبی سعوودییە بخاتە نێو پەیمانی خۆی دوای ئەوەی سەركەوتوو بوو لە بەشداریكردنی ھەر یەك لە ئیماراتی عەرەبی، فەرەنسا، ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسرائیلیش بۆ نێو ئەو ھاوپەیمانییەی".
"زەمان" راشیگەیاند، سعوودییە گەورەترین گەلەكەشتیی ھەیە لە جیھاندا لە فڕۆكەكانی "F15"لە دوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ژاپۆن.
جێگای ئاماژەیە، یۆنان وبەشی یۆنانی لە دوورگەی قوبرس، لە ھاوینی رابردوویەوە چەندین مانۆڕی سەربازییان ئەنجامداوە لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بەھاوكاری لەگەڵ ھاوپەیمانانی دژ بە توركیا"، بەپێی قسەكانی "زەمان". ئەسینا رێككەوتنێكی سەربازیی لەگەڵ ئیسرائیل كردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ بە بەھای 1.68 ملیار دۆلار.