مانۆڕێكی سەربازی توركیا مەترسی سەرھەڵدانەوەی گرژی لەگەڵ یۆنانی لێدەكرێت
ئەو ناوچەیەی دەستنیشانیكردووە دەكەوێتە باكووری دەریای ئیجە و بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی یۆناندایە
K24 – ھەولێر:
توركیا چەند برووسكەیەكی دیكەی نوێی دەرخستووە و بەپێی ئەو برووسكانە چەند بەشێكی لە باكوور و رۆژھەڵاتی دەریای ئیجەدا دەستنیشانكردووە بۆ ئەنجامدانی راھێنانی سەربازی لەو ناوچەیەدا، چاوەڕێ دەكرێت ئەم ھەنگاوەی توركیا جارێكی دیكە گرژی و ناكۆكی لە نێوان ئەسینا و ئەنقەرە بێنێتەوە ئاراوە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك ھێوریی بە خۆیەوە بینی.
بەپێی رۆژنامەی"ekathimerini" یۆنانی، توركیا لە برووسكەی یەكەمیدا، كە دوێنێ پێنجشەممە لە بنكەی ئیزمیری دەریاوانی و ھیدرۆگرافیا و زانستی زەریاكان لە توركیا دەرچووە، ناوچەی چیای ئاتۆس لە نیمچە دوورگەی ھالكیدیكی دەستنیشانكردووە، كە دەكەوێتە باكووری دەریای ئیجە و بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی یۆناندایە.
برووسكەی دووەم لە "ئەنتالیا"وە دەرچووە و دەستنیشانی ناوچەی نێوان ھەردوو دوورگەی رۆدس و كاستیلۆریزۆ كردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو راھێنانە دەریاییانە، ھەروەھا بۆ لێكۆڵینەوە و رزگاركردن.