وەزارەتی بەرگریی ئێران: ئامادەی جەنگێکی درێژخایەنین
وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند: کە بە پشت بەستن بە یەدەگی ستراتیژیی چەک و تەقەمەنی، ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی جەنگێکی درێژخایەن دژی هاوپەیمانیی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
شەممە، 7ـی ئاداری 2026، رەزا تەلایی نیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی تەسنیم گوتی: هەژمارەکان و لێکدانەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران تووشی شکست بوون.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، کە "دوژمن هەرگیز پێشبینی ئەو هێز و خێرایی و قەبارە گەورەیەی وەڵامدانەوە مەیدانییەکانی ئێرانی نەدەکرد، بۆیە ئێستا ڕووبەڕووی واقعێکی پێچەوانە بوونەتەوە".
تەلایی نیک لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە روو، "هێرشە کەمەرشکێنەکانمان بوونەتە هۆی هەڵاتنی کەشتییەکان، وێرانبوونی بنکەکان، هەرەسهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و لەکارکەوتنی رادارەکان، بە جۆرێک دوژمن تووشی کوێربوونی تەکنیكی بووە".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئاشکراشی کرد، کە "تا ئێستا زیاتر لە 220 سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە کوژراون". هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە ئێران تا ئێستا تەنیا بەشێکی کەمی تواناکانی خۆی بەکارهێناوە و ئامادەیە بۆ شەڕێکی درێژخایەن.
لەبارەی هەڵوێست بەرانبەر وڵاتانی دراوسێ، تەلایی نیک پەیامێکی روونی ئاراستە کرد و گوتی: "ئێمە جیاوازی دەکەین لە نێوان وڵاتانی دۆست و بنکەکانی دوژمن، ئێران دەستدرێژی ناکاتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، بەڵام ئەگەر دوژمن خاک و بنکەی وڵاتانی دراوسێ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار بهێنێت، ئەوا ئەو بنکە و دامەزراوانە بە ئامانجی رەوا دەزانین و بۆردومانیان دەکەین".
گوتەبێژەکە جەختی لە پەرەپێدانی بەردەوامی پیشەسازیی سەربازیی ناوخۆیی و مووشەکە بالیستییەکان کردەوە و رایگەیاند: کە هێزە چەکدارەکان بە بەرنامەڕێژییەکی وردەوە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری و بەرگری ئەنجام دەدەن و سەرکەوتن مسۆگەرە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.