سەرۆک بارزانی: خوێنی شەهید وڵات و شەهیدانی تر بە فیڕۆ ناچێت
سەرۆک بارزانی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، سنوورێک بۆ گرووپە لەیاسادەرچووەکان دابنێت. جەختیش دەکاتەوە "خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی ئاداری 2026، سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەشدارییان لە پرسەی شەهید (وڵات تاهیر)ـدا کرد کە شەوی رابردوو (شەممە، 07ـی ئاداری 2026)، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شەهید بوو.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "وەک دەبینین ناوچەکە هەمووی بە وەزعێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، ئێمە هەر لە سەرەتاوە هەوڵمان دا کوردستان دوور بێت لەو شەڕ و ناخۆشییە."
سەرۆک بارزانی نیگەرانیی توندی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی: "بەداخەوە دەبینین هەندێک گرووپی لەیاسادەرچوو شەڕمان پێ دەفرۆشن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ناوەندی بڕیار لە عێراق کرد و رایگەیاند: "ئێمە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ، پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی عێراق دەکەین لە بەغدا، سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە تاوانباران باجەکەی دەدەن و گوتی: "گەلی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، خوێنی شەهید وڵات و شەهیدانی تر بەفیڕۆ ناچێت."