نەتەوە یەکگرتووەکان: هیچ نووسینگەیەکمان لە سلێمانی نەکراوەتە ئامانج
نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە عێراق روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی بڵاو کردەوە و رەتی دەکاتەوە هیچ نووسینگەیەکیان تێوەگلابێت یان زیانی بەرکەوتبێت.
یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە عێراق لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە: دەمەوێت روونی بکەینەوە کە هیچ نووسینگەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەریی رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی سلێمانی لەسەر نەبووە.
سەبارەت بەو هەواڵانەی لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە، UN رایگەیاندووە: ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی ئاماژە بە کۆمەڵگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، مەبەست لێی شوێنێکی کۆنی رێکخراوەکەیە کە ئێستا چۆڵ کراوە و چیتر لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکارناهێنرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان دڵنیایی داوە کە تیمەکانیان لە سەرانسەری عێراقدا ئامادەن و بە تەواوی کاردەکەن، هەروەها بەردەوامن لە ئەنجامدانی کارە مرۆییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدان بۆ خزمەتی گەلی عێراق.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو، بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری سلێمانی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود، کە بارەگاکە پێشتر چۆڵکرابوو کرایە ئامانج.