گۆڵدمان ساکس زەنگی مەترسیی لێ دەدات: نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە 150 دۆلار
دامەزراوەی دارایی "گۆڵدمان ساکس" و رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی هۆشداری دەدەن کە ئەگەر چارەسەرێکی خێرا بۆ قەیرانی گەرووی هورمز نەدۆزرێتەوە، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ماوەی چەند رۆژێکدا 100 دۆلار تێدەپەڕێنێت و تا کۆتایی مانگ دەگاتە 150 دۆلار.
یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، رۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ئەگەر چارەسەرێک بۆ کێشەی دابینکردن و رەوتی نەوتی خاو لە گەرووی هورمز نەدۆزرێتەوە، ئەوا لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا نرخی نەوت بەربەستی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێدەپەڕێنێت.
هاوکات، دامەزراوەی دارایی "گۆڵدمان ساکس" هۆشداری داوە کە نرخی نەوتی جیهانی لە ماوەی چەند رۆژێکدا 100 دۆلار تێدەپەڕێنێت و ئەگەری هەیە تا کۆتایی ئەم مانگە بگاتە 150 دۆلار، ئەگەر بێتوو چارەسەرێک بۆ ئەو پشێوییە توندە نەدۆزرێتەوە کە بەرۆکی رەوتی نەوتی خاوی گرتووە لە گەرووی هورمزدا.
"گۆڵدمان ساکس" پێشبینی دەکرد رەوتی نەوتی خاو لە گەرووی هورمز بۆ 15%ـی ئاستی ئاسایی دابەزێت، بەڵام بەهۆی گەمارۆی کاریگەری ئێران بۆ سەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی بەم رێڕەوە تەسکەدا تێدەپەڕن، تەنا 10%ـی ئەو بارە نەوتانەی کە بەشێوەی ئاسایی تێدەپەڕین، توانیویانە بە سەلامەتی تێپەڕن.
لە یاداشتێکی دامەزراوەکەدا هاتووە: "بە پشت بەستن بە داتا نوێیەکان و قەبارەی شۆکەکە، ئێستا بڕوامان وایە ئەگەر تا هەفتەی داهاتوو هیچ نیشانەیەک بۆ چارەسەر دەرنەکەوێت، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی نەوت 100 دۆلار تێدەپەڕێنێت".
هەروەها دەڵێت: "ئێستا پێمان وایە ئەگەر کەمبوونەوەی رەوتی نەوت لە گەرووی هورمز بە درێژایی مانگی ئادار بەردەوام بێت، ئەوا نرخی نەوت، بە تایبەت بەرهەمە پاڵاوتەکان، لوتکەی نرخەکانی ساڵی 2008 و 2022 تێدەپەڕێنێت".
نرخی نەوت لە ساڵی 2022 بۆ ماوەیەکی کورت 120 دۆلاری تێپەڕاند و لە ساڵی 2008ـیش گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە 145 دۆلار بوو، کە لە هەردوو دۆخەکەدا لێکەوتەی وێرانکەری بۆ ئابووریی جیهان لێ کەوتەوە.
رۆژی هەینی رابردوو نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەهێزی بەخۆیەوە بینی و گرێبەستەکانی نەوتی خاوی "برێنت" بۆ یەکەمجار لە نیسانی 2024ـەوە گەیشتە ئاستی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.