ناتانیاهۆ کارتی جەنگ بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، توانیویەتی لە رێگەی مانۆڕێکی سیاسیی وردەوە، دۆناڵد ترەمپ پەلکێشی نێو جەنگێکی راستەوخۆ بکات دژی ئێران. ئەم هەنگاوە کە بە گەورەترین دەستکەوتی ناتانیاهۆ دادەنرێت لە ماوەی دەسەڵاتیدا، وەک دوایین کارت بەکار دەهێنرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان و رزگاربوون لە لێپرسینەوە یاسایی و ئەمنییەکان.
یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، واشنتن پۆست راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران و بەرەی راستڕەوی ئیسرائیل، سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ وەک بەدیهاتنی پێشبینییەکی ئایینی وایە. لە ماوەی پێنج ساڵی مانەوەیدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ وەڵامی گەورەترین داواکارییەکانی تەلەڤیڤی داوەتەوە؛ لە گواستنەوەی باڵیۆزخانە بۆ قودس و داننان بە سەروەریی جۆلانەوە، تا دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕینی هاوکارییەکان بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەیانی رۆژی شەممە 28ی شوبات، گەورەترین دیاریی ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ ئاشکرا بوو: هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران بە گەورەترین کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمەریکا لە دوای جەنگی عێراقەوە؛ خەونێک کە ناتانیاهۆ دەیان ساڵە هەوڵی بۆ دەدات.
ئەم جەنگە کە بازنەکەی فراوانتر دەبێت، گرەوێکی چارەنووسسازە بۆ هەردوو سەرکردە، بەڵام بۆ ناتانیاهۆ مەسەلەی مان و نەمانە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە هێشتا لەژێر بارگرانیی شکستە ئەمنییەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و تووڕەیی دەنگدەراندایە، هەوڵ دەدات ئەم جەنگە وەک پەتێکی رزگاربوون بەکار بهێنێت.
بەپێی بۆچوونی شیکەرەوە سیاسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ناتانیاهۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە رابگەیەنێت، بەو هیوایەی سوود لەو شەپۆلە جەماوەرییە وەربگرێت کە بەهۆی لێدان لە سەرانی ئێرانەوە دروست بووە. گایل تالشیر، زانای سیاسی لە زانکۆی عیبری دەڵێت: ئەمە گەورەترین کارە ناتانیاهۆ لە ترەمپی بەدەست هێنابێت، هەموو دەستکەوتەکانی دیکە لەبیر دەکرێن، چونکە ئەمە ئامانجە گەورەکەیە.
سەرباری ئەوەی ناتانیاهۆ وەک شارەزایەکی بێوێنە لە مامەڵەکردن لەگەڵ واشنتن دەردەکەوێت، بەڵام پەیوەندییەکەی لەگەڵ ترەمپ ئاڵۆزە. ترەمپ تەنیا جێبەجێکار نەبووە، بەڵکوو لە دۆسیەی ئاگربەستی غەززە و دەسەڵاتی فەلەستینیدا مەرجی توندی بەسەر ناتانیاهۆدا سەپاندووە.
یۆحەنان پلێسنەر، سەرۆکی پەیمانگای دیموکراسیی ئیسرائیل دەڵێت: کەس جگە لە ترەمپ نەیدەتوانی ناتانیاهۆ ناچار بەو سازشانە بکات؛ بەڵام لە دۆسیەی ئێراندا، ناتانیاهۆ رۆڵی سەرەکی گێڕا. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە ناتانیاهۆ لە کۆتاییەکانی شوباتدا زانیارییەکی هەواڵگریی هەستیاری داوەتە ترەمپ سەبارەت بە کۆبوونەوەی عەلی خامنەیی و بازنەی نزیکی لە شوێنێکی دیاریکراو.
ناتانیاهۆ توانیویەتی ترەمپ بگەینێتە ئەو بڕوایەی کە هێرشی ئیسرائیل هەر روو دەدات، بۆیە باشترە ئەمریکا بەشداری بکات بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن. راوێژکارێکی ترەمپ دەڵێت: ئەوە تاکتیکێکی زیرەکانە بوو و دۆخەکەی بە قازانجی بژاردەی سەربازی گۆڕی.
جەنگی ئێران و کوشتنی رێبەری باڵای ئەو وڵاتە، ترەمپی کردووەتە پاڵەوانێکی بێوێنە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا. تالشیر دەڵێت: پشتیوانیی ترەمپ لە ئیسرائیل ئێستا لە هەموو شوێنێکی جیهان زیاترە، تەنانەت لە ئەمەریکاش.
ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات ئەم خۆشەویستییەی ئیسرائیلییەکان بۆ ترەمپ بۆ بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێتەوە. حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ خەڵاتی ئیسرائیلی بەخشیوەتە ترەمپ و بانگهێشتی کردووە بۆ مەراسیمێک لە مانگی نیساندا، وەک بەشێک لە کەمپینی هەڵبژاردن.
لەگەڵ ئەوەی راپرسییەکان هێشتا ناتانیاهۆ بە لاوازی نیشان دەدەن و تووڕەیی کەسوکاری قوربانیانی 7ی ئۆکتۆبەر دانەمرکاوەتەوە، بەڵام سەرۆکوەزیران مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە تێکشکاندنی پێشبینییەکان و مانەوە لە دەسەڵات.
ئەگەرچی رەنگە ناتانیاهۆ زۆرینەی رەها بەدەست نەهێنێتەوە، بەڵام جەنگی ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ ترەمپ، رەنگە ببێتە ئەو بەردە بناغەیەی کە جارێکی دیکە حکوومەتێکی یەکگرتووی پێ دروست دەکاتەوە و تەمەنی سیاسیی خۆی درێژ دەکاتەوە. ئەم جەنگە یان دوایین بەشی ژیانی سیاسییەتی، یان ئەوەتا جارێکی دیکە وەک فریادڕەس دەردەکەوێتەوە.