مالیکی پێشوازی لە شاندی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات

نوری مالیکی و فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیان لە گرنگی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

لە دیدارەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی وڵات و لێکەوتەکانی ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە گرنگی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە، بەو ئاراستەیەی کە پەرە بە سەقامگیری سیاسی بدات و ئاساییش لە وڵاتدا بچەسپێنێت، هەروەها کارکردن بە دیدگایەکی هاوبەش کە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەردوولا جەختیان کردەوە سەر پێویستی بەهێزکردنی هاریکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی شەراکەتی نیشتمانی و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی تەواوی گەلی عێراق.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، ئاماژە بە گرنگی قایمکردنی ناوماڵی عێراق درا لەبەر ڕۆشنایی ئالنگارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە لە تەواوی ناوچەکانی وڵاتدا.