عێراقچی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەتدەکاتەوە و هۆشداریی دەداتە ئەمریکا
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا بۆ کەناڵی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی، داواکارییەکانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە رەتکردەوە و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی لەپێناو پاراستنی ئاسایش و گەلەکەی، بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، داواکاری نوێکردنەوەی ئاگربەست "قبوڵنەکراوە"، چونکە ئەزموونەکانی رابردوو دەریانخستووە ئاگربەستە کاتییەکان بە ئاسانی دەشکێنرێن. گوتیشی: "ئێمە داوای کۆتایییەکی هەمیشەیی بۆ شەڕەکە دەکەین؛ تا ئەو کاتەشی دەگەینە ئەو ئاستە، بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج، دەست لە شەڕکردن هەڵناگرین."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ هاوکارییەکانیان لە زۆر رووەوە بەردەوامە. ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن رووسیا زانیاری وردی لەسەر شوێنی کەشتییە جەنگییەکان و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا داوەتە ئێران.
عێراقچی روونیکردەوە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک وڵاتانی دراوسێ ناکاتە ئامانج، بەڵکو هێرشەکانیان تەنیا بۆ سەر ئەو بنکە و دامەزراوە سەربازییانەی ئەمریکایە کە لەسەر خاکی ئەو وڵاتانە جێگیرکراون. هەروەها ئاشکرای کرد، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، داوای لێبوردنی لە وڵاتانی کوەیت، ئیمارات و عومان کردووە بەهۆی ئەو زیانە ناڕاستەوخۆیانەی لە ئەنجامی هێرشەکان بەر وڵاتەکانیان کەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عێراقچی وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە سەبارەت بە مەترسی مووشەکەکانی ئێران. گوتی: "ئەو زانیارییانەی باس لە هەوڵی ئێران بۆ لێدانی ئەمریکا دەکەن ناڕاستن. ئێمە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورهاوێژمان هەیە، بەڵام بە ئەنقەست مەوداکەیمان بۆ کەمتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر سنووردار کردووە، چونکە نامانەوێت مەترسی بۆ سەر جیهان دروست بکەین."
لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە واشنتن و رایگەیاند، هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران بە وەڵامێکی کوشندە و توند رووبەڕوو دەبێتەوە و سوپای وڵاتەکەی ئامادەی پاراستنی خاکەکەیانن.