ترەمپ: لە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەر رازی نیم
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی ئێران دەربڕی و هاوکات رەتیکردەوە هیچ بڕیارێکیان بۆ ناردنی هێز بۆ پاراستنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان دابێت.
دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"، گوتی: "پێتان ناڵێم چیم لە مێشکدایە، بەڵام من لەو کەسەی بۆ پۆستی رێبەری باڵا دەستنیشانکراوە، رازی نیم".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ئەگەری ناردنی هێزی ئەمریکی دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتن یان پاراستنی بنکە ئەتۆمییەکانی ناوچەی ئەسفەهان، ترەمپ گوتی: "هیچ بڕیارێکمان لەبارەی ناردنی هێز بۆ ئەسفەهان نەداوە و هێشتا زۆر لە شتێکی لەو شێوەیە دوورین".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت رۆژی یەکشەممە، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران، موجتەبا خامنەیی وەک جێنشینی باوکی و سێیەم رێبەری باڵای وڵاتەکە لە دوای شۆڕشی 1979 راگەیاند.
ئەنجوومەنی شارەزایان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە گەلی ئێران و ەۆشنبیرانی زانکۆ و لایەنە ئاینییەکان کردووە کە بەیعەت و سۆزی خۆیان بۆ رێبەری نوێ دووپات بکەنەوە و لە دەوری ویلایەتی رێبەری نوێ یەکڕیزی خۆیان بپارێزن.