رەهێڵ مستەفا شانۆنامەی "ماریا"ی بڵاو کردەوە
رەهێل مستەفا، نووسەر و لێکۆڵەر، نوێترین کتێبی خۆی کە شانۆنامەیەکە لەژێر ناوی "ماریا" لەلایەن ناوەندی ماڵی وەفایی چاپکراوە بڵاو کردەوە.
دووشەممە، 9ی ئاداری 2026، رەهێڵ مستەفا، نووسەر و لێکۆڵەر بە کوردستان24ی گوت، شانۆنامەکە تیشک دەخاتە سەر فەلسەفەی "جوانی و ناشرینی" سیمای فرۆڤەکان، لە روئیای خێزانێکدا، هەندێک لە مرۆڤەکان و خانەوادەکان، پێیان وایە بەهای مرۆڤ پەیوەستە بەجوانییەوە، من خێزانێکم دەناسی، خاتوونی ماڵەکە، بەهۆی ناشرینی کچێکیان و جوانی کچێکی تریانەوە، ناشرینەکەی نەدەبرد بۆ ئاهەنگەکان و خواردن و جلی کەم یان خراپ لەڕووی کوالێتی بۆ دەکڕی و پێ دەدا، بەڵام ئەم کچەیان کە خاوەن سیمایەکی جوانی بوو، بەیانیان قەیماغی بۆ دەکڕی و جلی مارکەی بۆ دەکڕی و فەڕزی کردبوو بەسەر ئەوانی تردا.
رەهێڵ مستەفا گوتیشی، "خانەوادەیەک کچێکیان هەیە بەناوی "ماریا"، بەهۆی ناشرینی سیمایەوە، نە جلی بۆ دەکڕن و نە گرنگی پێ دەدەن، تەنانەت وەک کارەکەری ماڵەکەیان ڕەفتاری لەگەڵدا دەکەن، هەر بەم بۆنەوە، جل و پێڵاوە کۆنەکانی خوشکە بچووکەکەی پێ دەدەن بیان پۆشێ و لەبەریان بکات، کچە بچوکەکەیان بەهەموو شێوەیەک بەسەر کچە گەورەکەیان فەڕز کردووە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کچە گەورەکە لەم باوکە نییە و لەپیاوێکی ترە، بەڵام هەردوو کچ خاوەنی یەک دایکن و دوو باوکی جیان."
ئەو نووسەرە باس لە فەلسەفەی شانۆنامەکە دەکات و دەڵێت، فەلسەفەی شانۆکە، دەگەڕێتەوە بۆ بەهای جوانی و ناشرینی مرۆڤ لە رواڵەتدا نەوەک لە رووی کەسایەتییەوە، رێک وەک ئەو سەردەمەی ئێستا تێیداین، جوانی وەک پارە بووە بە خودایەک و چۆنی بوێ وا ئاستەکان بەرز و نزم دەکاتەوە بێ رەچاوکردنی جەوهەری راستییەکان.
رەهێڵ مستەفا، نووسەر و لێکۆڵەر، خەڵکی شارۆچکەی هیرانە سەر بە قەزای شەقڵاوە، خاوەنی چەندین کتێبە لە بواری رۆمان و چیرۆک دا و چەندین لێکۆڵینەوەی هەیە لە بوارە جیاوازەکانی زمان و ئەدەب دا.