پوتن و ترەمپ تاوتوێی جەنگی ئێران و ئۆکرانیا دەکەن

کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ( کرێملین ) رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا و ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و پرسی ئێران و ئۆکرانیایان تاوتوێ کردووە.

دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ( کرێملین ) رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کرێملین، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکەی نێوان هەردوو سەرۆک جەختکردنەوە بووە لەسەر ململانێکانی ئێران و پرسی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، پوتن چەند پێشنیاز و بیرۆکەیەکی خستووەتەڕوو کە ئامانج لێیان دۆزینەوەی رێگەی خێرا و دیپلۆماسییە بۆ چارەسەرکردنی سیاسییانەی ململانێکانی پەیوەست بە ئێران.

ئەم پەیوەندییەی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت،بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران. 

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.