پەزیشکیان و ئەردۆغان دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا مەرجی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە ڕاگەیاند، کە ئەویش بریتییە لە بەکارنەهێنرانی ئاسمان، ئاو و خاکی وڵاتانی دراوسێ بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران. هاوکات پەزیشکیان ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە بۆردومانکردنی خاکی تورکیا لەلایەن ئێرانەوە دەکەن و بە هەوڵێکی ئەمریکا و ئیسرائیلی وەسف کرد بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دراوسێکانی.

دووشەممە 9ی ئازاری 2026، مەسعود پەزیشکیان، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجام دا. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە دوای هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرانە سەر ئێران، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی لێکەوتە ناوچەیی و جیهانییەکانی ئەو جەنگە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی، مەسعود پەزیشکیان سەرنجی خستووەتە سەر هەوڵەکانی ئیسرائیل و حکوومەتی ئەمریکا بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێیدا.

سەرۆککۆماری ئێران بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن میدیاکانی سەر بە بەرەی ئەمریکییەوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە ئێران هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتی دۆست و برای تورکیا.

پەزیشکیان جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەربڕیوە، بەڵام ئەمە بەو مەرجەیە کە ئاسمان، خاک و ئاوەکانی دراوسێکانمان بۆ هێرشکردنە سەر گەلی ئێران بەکار نەهێنرێت.

لای خۆیەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشیی فەرمیی دەوڵەتی تورکیای بۆ کوژرانی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی. هاوکات نیگەرانی و هاوخەمیی قووڵی خۆی نیشان دا بۆ گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان، بەتایبەتی قوربانییە مەدەنییەکان و منداڵە قوتابخانەی میناب.

لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر ئاستی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران، سەرۆککۆماری تورکیا پیرۆزبایی ئاراستەی تاران کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ موجتەبا خامنەیی خواست، وەک ڕێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵەکانی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕایگەیاند: ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا بە ئاشکرا ڕامانگەیاندووە کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران جێگەی قبووڵ نییە. هەڵکشانی گرژییەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، نە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دراوسێکان دەکات و نە لە بەرژەوەندیی درێژخایەنی ئێراندایە."

ئەردۆغان پەیامێکی گرنگی دڵنیاییدانی دایە سەرۆککۆماری ئێران کاتێک گوتی: ئێمە بە هیچ شێوەیەک بیر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ناکەینەوە. زۆر بەباشی لەو بارودۆخە سەختە تێدەگەین کە باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە، بۆیە تا ئەو جێگەیەی لە توانای حکوومەتی تورکیادایە، ئامادەین بەشدار بین لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی تورکیا بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد و جەختی کردەوە کە، ئێستا و لەم قۆناغە سەختەدا، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستیمان بە کردنەوەی دەرگاکانی دیپلۆماسی هەیە."