سوپای پاسداران: فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ترسی مووشەک و درۆنی ئێران لە ناوچەکە رادەکەن

گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، چاوەڕێی کەشتیگەلی ئابراهام لینکن و جڕاڵد فۆردی ئەمرکان، بەڵام ئەوان لەترسی مووشەکی ئێران هەزار کیلۆمەتر ڕایان کردووە.

لە کاردانەوەی فەرمیی ئێران بەرانبەر دواین وتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە گوتی، کەشتیی بازرگانی و سەربازی بەئاسانی لە گەرووی هۆرمزەوە تێپەڕ دەبن، عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران ئەوەی ڕەت کردەوە و گوتی، ئەم قسانە لە کاتێکدا گەلەکەشتی و فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ترسی مووشەک و درۆنی ئێران لە ناوچەکە را دەکەن و هەزار کیلۆمەتر دوور کەوتوونەتەوە.

گوتیشی، ترەمپ راست ناکات، دۆخی سەربازەکانی لە ناوچەکەدا ئاسایی نییە و خۆیان لە هۆتێلەکانی ناوچەکەدا حەشار داوە. چەکدارانی ئیسرائیلیش خەڵک وڵاتەکەیان کردووە بە قەڵغانی مرۆیی و خۆیان لەناو دامەزراوە خزمەتگوزارییەکاندا شاردووەتەوە،

ئەوەشی رەت کردەوە، ژمارەی مووشەکەکانی ئێران کەم بووبێتەوە و دەڵێت، ئێستا بەهێزتر لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕەکە، بە قەبارە و کڵاوەی تەقینەوەی سەرووی یەک تۆنەوە مووشەکەکانی ئێران بەرەو بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵدەدرێن.

گوتەبێژی سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردەوە، ئێران دەتوانێت پەرە بە جەنگەکە بدات، ئاسایش بۆ هەمووان و نەبوونی ئاسایشیش هەر بۆ هەمووان دەبێت، بۆیە ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە دێنێت ئێرانە. هاوکێشەکانی ناوچەکە و دۆخی داهاتووی ناوچەکە لەژێر دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.