هێرشکرایە سەر بارەگای لیوای 40ـی حەشدی شەعبی لە کەرکووک
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: بارەگای لیوای 40ـی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی دووبزی سەر بەکەرکووک بۆردوومان کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، لەبارەی هێرشەکەوە جەودەت عەساف گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە هێرشەکەدا کوژراو نەبووە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هێرشەکەدا پێنج کەس برینداربوون. لیوای 40ـی حەشدی شەعبی ناسراو بە کەتائیبی ئیمام عەلی، دوای 16ـی ئۆکتۆبەر هاتوونەتە نێو کەرکووک و لە شارۆچکەی دووبزی لە ڕۆژئاوای کەرکووک بارەگایان دامەزراندووە.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24، لە کەرکووک، فڕۆکە جەنگییەکان دووجار لەسەر یەک بۆردوومانی بارەگای حەشدی شەعبیان کردووە، پێنج کەس کوژران و 18 کەسی دیکەش برینداربوونە.
سۆران کامەران ئاماژەی بەوە دا، بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی پردێ و دۆخی تەندروستیان زۆر خراپە، ئەمە یەکەم جاریشە لە کەرکووک لە رێگەی فڕۆکەوە بارەگای حەشدی شەعبی بەمشێوەی بۆردوومان بکرێت.
هەروەها لە ئەنباریش هێرشکراوەتە سەر حەشدی شەعبی و پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: چوار چەکداری حەشدی شەعبی لە ئەنبار بەهۆی بۆردوومانەوە برینداربوون.