ترەمپ: ئێران خاوەنی مووشەکی "تۆماهۆک"ی ئەمریکییە

(وێنە؛ ئەرشیف، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا)
(وێنە؛ ئەرشیف، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا)

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی کچان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 165 کەس، رایگەیاند؛ ئێران مووشەکی کروزی جۆری "تۆماهۆک"ی دروستکراوی ئەمریکای لەبەردەستدایە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە خوێناوییە دەگرێتە ئەستۆ، ترەمپ رەتیکردەوە وڵاتەکەی راستەوخۆ تێوەگلابێت و ئاماژەی بەوە کرد، مووشەکی کروز، کە لەلایەن بەڵێندەرە بەرگرییەکانی ئەمریکاوە بەرهەم دەهێنرێت، لەلایەن وڵاتانی دیکەوە دەفرۆشرێت و بەکاردەهێنرێت. ترەمپ گوتی: "ئێران هەندێک تۆماهۆکیشی هەیە."

سەرۆکی ئەمریکا زیاتر گوتی: "چ ئێران بێت یان کەسێکی دیکە تۆماهۆک شتێکی زۆر باو و ئاساییە."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لەکاتێکدایە کۆمپانیای "رایتیۆن"، بەرهەمهێنەری سەرەکی مووشەکی تۆماهۆک، ئەم چەکە تەنیا بە وڵاتانی هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکا وەک ژاپۆن و ئوسترالیا دەفرۆشێت و تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی سەربازی یان هەواڵگری نییە بسەلمێنێت ئێران توانیویەتی ئەو مووشەکە بەدەستبهێنێت.

لە پرسیارێکدا  لە ترەمپ بۆچی ئەو تەنیا کەسە لە ئیدارەکەیدا  بانگەشەی لەو شێوەیە دەکات؟ بە راشکاوی وەڵامی دایەوە و گوتی: "چونکە من بە سادەیی بەشی ئەوە نازانم لەو بارەیەوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوی پێکانی قوتابخانەکە، ترەمپ رایگەیاند: "هەرچی راپۆرتەکە نیشان بدات، من ئامادەم لەگەڵ هەر ئەنجامێکدا بژیم."