قەتەر بۆ ئێران: پێش گفتوگۆ هێرشەکانتان بوەستێنن
قەتەر دەڵێت، کەناڵە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران نەپچڕاون و جەخت دەکاتەوە، کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، ماجد بن محەممەد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزییەکان هێشتا کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا نەپچڕاون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە، لە روانگەی دەوحەوە دەکرێت سەرجەم ناکۆکییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بۆیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی دەرچەیەک بۆ قەیرانەکان بدۆزرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەنساری رەخنەی توندی ئاراستەی تاران کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئێران رۆژانە دەستدرێژی دەکاتە سەریان و بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی وڵاتەکەیان. گوتەبێژەکەی قەتەر ئەوەشی خستە روو، پێش ئەوەی باس لە هەر جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک بکرێت دەبێت سەرەتا ئەو هێرش و دەستدرێژییانە بوەستێنرێن.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر روونیشی کردەوە، هێرشکردنە سەر ژێرخانە هەستیار و ژیارییەکانی ناوچەکە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کارەساتێکی مرۆیی و بە هیچ شێوەیەک نابێت رێگە بدرێت ئەوە رووبدات.
هۆشداریشی دا، بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە، چونکە نەک تەنیا دەبێتە هۆی زیانێکی گەورەی ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵکوو لێکەوتە و دەرئەنجامی قورسی بەسەر تەواوی جیهانیشەوە دەبێت.
قەتەر یەکێکە لە وڵاتانەی ناوچەکە کە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، رۆژانە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی بالیستییەوە دەکرێتە ئامانج.
بەرپرسانی ئێرانیش رایانگەیاندووە، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ قەتەر نییە، بەڵکوو بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.