قالیباف: سوورین لەسەر بەردەوامیدان بە جەنگ و رەتکردنەوەی هەوڵەکانی ئاگربەست

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: کە وڵاتەکەی بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست بکات. جەختی لەوە کردەوە، کە تاکە وەڵام بۆ ئیسرائیل "وەشاندنی گورزێکە بۆ ئەوەی چیتر بیر لە دەستدرێژی نەکاتەوە".

سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئاگربەست نادات.

هاوکات دەڵێت: "ئێمە بڕوامان وایە کە دەبێت گورزێک لە دەستدرێژیکار بدەین، بۆ ئەوەی پەند وەربگرێت و چیتر بیر لە دەستدرێژیکردنە سەر ئێران نەکاتەوە".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئیسرائیل پێی وایە کە بەردەوامبوونی ژیانە شوومەکەی بەستراوەتەوە بە بەردەوامبوونی سووڕی 'جەنگ، دواتر دانوستان، پاشان ئاگربەست و دووبارە جەنگ'، ئەمەش بۆ ئەوەی هەژموون و کۆنتڕۆڵی خۆی بچەسپێنێت. بەڵام ئێمە ئەم سووڕە دەشکێنین".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.