وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: جەنگ لەم هەفتەیە کۆتایی نایەت
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی نایەوێت بچێتە ناو شەڕێکی بێکۆتاییەوە، بەڵام جەنگەکەش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە تەلئەڤیڤ و هاوپەیمانەکانی بڕیاری وەستانی دەدەن. لە هەمان کاتدا، هۆشداری دەداتە ئێران و داوا لە گەلی ئەو وڵاتە دەکات بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بێنە مەیدان، هەروەها پەشیمانی خۆیشی نیشان دەدات کە پێشتر هەنگاوی یەکلاکەرەوەیان دژی تاران نەناوە.
سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرنجی خستە سەر ستراتیژیەتی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بەو جەنگەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و رایگەیاند: ئێمە بەدوای جەنگێکی بێکۆتاییدا ناگەڕێین، بەڵام لە شەڕ بەردەوام دەبین تا ئەو خولەکەی ئێمە و هاوبەشەکانمان بە گونجاوی دەزانین بۆ وەستاندنی.
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیە و وادەی وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پشتی بە قسەیەکی دۆناڵد ترەمپ بەست و لێدوانێکی ناوبراوی گواستەوە و گوتی: "وەک ترەمپ دەڵێت؛ شەڕ لەم هەفتەیەدا کۆتایی نایەت." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ درێژەکێشانی پێدادادانەکان بۆ ماوەیەکی نادیار.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەدعون ساعر بە توندی هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و راستەوخۆ پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی ئەو وڵاتە کرد و رایگەیاند: "پێویستە گەلی ئێران هەنگاوی کرداری بنێت بۆ ڕزگاربوون لەو دەسەڵاتی ئێستا."
هەروەها وێڕای دەربڕینی جۆرێک لە پەشیمانی سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لە رابردوودا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە: پێویست بوو زۆر لەمەوپێش و پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت و درەنگ بێت، هەنگاومان دژی ئێران بنایایە.