لاڤرۆڤ و عێراقچی تاوتوێی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد؛ مۆسکۆ پشتیوانی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی راگەیاند بە مەرجێک بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئێران پارێزراو بن.

سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەردوولا ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەیان بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران گەڕاندەوە.

لە میانەی پەیوەندییەکەدا، سێرگی لاڤرۆڤ هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و داوای هێورکردنەوەی بەپەلەی گرژییەکانی کرد. وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە دا مۆسکۆ ئامادەیە هاوکاریی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، بەو مەرجەی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئێران و دراوسێیەکانی لە ناوچەکەدا بە تەواوی رەچاو بکرێن.

ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەی جەنگێکی فراواندایە و رووسیا هەوڵ دەدات وەک نێوەندگیرێک رۆڵ بگێڕێت بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتری دۆخەکە، هاوکات لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تاران.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین)، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکی رووسیا، کۆمەڵێک پێشنیازی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی کردووە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی ئێران.

هەروەها دەڵێت: مۆسکۆ "چاودێریی ئەوە دەکات کە پرۆسەی گەیشتن بە رێککەوتن چۆن بەڕێوە دەچێت". ئاماژەی بەوەش کرد، کە کرێملین وردەکارییەکانی پێشنیازەکەی پوتن سەبارەت بە ئێران ئاشکرا ناکات.