ویتکۆف: رووسیا دڵنیایی دا زانیاری هەواڵگری نەداوەتە ئێران
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشدارییەکی توند دەداتە ئێران و رایدەگەیەنێت کە "دۆناڵد ترەمپ کەسێکی هەڵەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ببیتەوە". هاوکات جەخت لە مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە رووسیا ئەمریکای دڵنیا کردووەتەوە کە هیچ زانیارییەکی هەواڵگری بە تاران نادات.
سێشەممە 10ی ئاداری 2026، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی CNBC،ئاماژەی بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کرد کە دوێنێ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی رووسیا ئەنجام دراوە.
ویتکۆف گوتی: رووسەکان پێیان گوتین هیچ زانیارییەک لەگەڵ ئێران هاوبەش ناکەن. ئێمە دەتوانین بڕوا بە قسەکانیان بکەین، بەڵام با هیوادار بین کە بەڕاستی هیچ زانیارییەک نەدەنە ئێران. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە پەیوەندییەکی سەربەخۆدا لەگەڵ یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، هەمان هەڵوێستیان دووپات کردووەتەوە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ئیسرائیل، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بە راشکاوی ڕایگەیاند: دەبێت بزانین ئیسرائیل وڵاتێکە تەنیا بە یەک بۆمب لەناو دەچێت مەبەستی بۆمبی ئەتۆمییە، بۆیە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر مانەوەی ئیسرائیل.
ویتکۆف سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی ئێران بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە رێگەی دروستکردنی قەڵغانێکی مووشەکیی هێرشبەرانەوە، و رەخنەی توندی لە سیاسەتی تاران گرت و رایگەیاند: ئەو ئاژاوەیەی ئێران لە ناوچەکە و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەتەوە، وای کردووە هەر پشتیوانییەکیان هەبووبێت لەدەستی بدەن، چونکە هیچ کەسێک نایەوێت ئەوان دراوسێی بن.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا و لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکە سەبارەت بەوەی ئەم جەنگە چۆن کۆتایی دێت، ویتکۆف گوتی: "نازانم ئەمە چۆن کۆتایی دێت، بەڵام تەنیا یەک شت دەزانم؛ ئەویش ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ کەسێکی هەڵەیە بۆ ئەوەی دژی بوەستیتەوە و رووبەڕووی ببیتەوە.