ئیسرائیل ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئێرانی لە بەیرووت کوشت
نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە فەرمی کوژرانی چوار دیپلۆماتکاری باڵای وڵاتەکەی لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر هۆتێلێک لە پایتەختی لوبنان راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کە چوار دیپلۆماتکاری ئێرانی لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر هۆتێلێک لە شاری بەیرووت، کوژران.
ئیرەوانی، روونی کردەوە، ئیسرائیل رۆژی یەکشەممەی رابردوو، هێرشێکی تیرۆریستی بە ئەنقەست بۆ سەر هۆتێل رامادا لە بەیرووت ئەنجامدا و لە ئەنجامدا چوار دیپلۆماتکارمان کوژران.
ناوی دیپلۆماتکارە کوژراوەکان:
-مەجید حەسەنی کەنسەر
-عەلیرەزا بێ ئازار
-حسێن ئەحمدلوو
-ئەحمەد رەسووڵی
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.