سیپان حەمۆ بە فەرمی وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا دەستبەکار بوو
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 29ـی کانوونی دووەمی 2026ـی نێوان کورد و حکوومەتی دیمەشق، سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ناوچەی رۆژهەڵات دەستبەکار بوو.
سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانیان، بە فەرمی ئەرکەکانی وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ ناوچەی رۆژهەڵات وەرگرت. ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق و هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە وەسف دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سیپان حەمۆ، کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی ناو فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەکاربوونی خۆی لە پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ناوچەی رۆژهەڵات راگەیاند. ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی سەرجەم لایەنە سوورییەکانە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا روون کراوەتەوە کە وەرگرتنی ئەم پۆستە باڵا سەربازییە لەلایەن سیپان حەمۆوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەی 29ـی کانوونی دووەمی 2026 نێوان کورد و حکوومەتی سووریادا دێت.
هەسەدە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەم دەستنیشانکردنە رەنگدانەوەی ئەو هەوڵە هاوبەشانەیە کە دەدرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. لە هەمان کاتدا، دەبێتە هۆی ئاسانکاریکردن بۆ پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا، لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی سووریا و قووڵکردنەوەی هەماهەنگیی نیشتمانی لەسەر ئاستی باڵای سەرکردایەتیی سەربازیی ئەو وڵاتە.