زێلێنسکی: تیمێکی شارەزامان بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی ئێران ناردووەتە وڵاتانی کەنداو

سەرۆکی ئۆکرانیا ناردنی تیمە پسپۆڕەکانی وڵاتەکەی بۆ قەتەر، ئیمارات و سعوودیە راگەیاند بە مەبەستی گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی درۆنە ئێرانییەکان، هاوکات ئاشکرای کرد کە کیێڤ چاوەڕوانی وەرگرتنی مووشەکی پاتریۆت دەکات لە بەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییە ئەمنییانەدا.

سێشەممە 10ی ئاداری 2026، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سێ تیمی پسپۆڕی سەربازی رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ئێستا ئەو تیمانە لە وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و سعوودیە دەستبەکار بوون بۆ هاوکاریکردن لە پرسە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە ئەزموونی ئۆکرانیا لە تێکشکاندنی درۆنەکانی جۆری "شاهد" لەلایەن هەموو شارەزا ئەمریکییەکانەوە دانی پێدا نراوە و ئاماژەی بەوەش دا کە تەنانەت ئەو وڵاتانەی هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ درۆن بەکاربهێنن، تێگەیشتوون کە بەبێ تەکنۆلۆژیا و پسپۆڕانی ئۆکرانی کارەکانیان ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی چاوەڕوان دەکات لە بەرانبەر ئەم هاوکارییە ئەمنییە پێشکەوتووەی پێشکەشی وڵاتانی ناوچەکەی دەکات، مووشەکی تایبەت بە سیستەمی بەرگریی "پاتریۆت" وەک هاوکاریی سەربازی وەربگرێت بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی.

ئەم هەنگاوەی کیێڤ وەک ستراتیژییەکی نوێ دەبینرێت بۆ گۆڕینەوەی ئەزموونە جەنگییەکانی دژ بە تاران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، لە بەرانبەر بەدەستهێنانی کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی رووسیا.